سکاڵای نێوان باوەڕداران
1 کە یەکێکتان سکاڵایەکی لە یەکێکی دیکە هەبوو، چۆن دەوێرێ کێشەکەی بباتە لای بێباوەڕان بۆ ئەوەی ئەوان حوکمی بۆ بدەن و لای گەلی پیرۆزی خودا نەبێت؟ 2 ئایا نازانن گەلی خودا جیهان حوکم دەدەن؟ ئەگەر ئێوە حوکم بەسەر جیهاندا بدەن، ئایا شایستە نین حوکم بەسەر بچووکترین شتدا بدەن؟ 3 ئایا نازانن ئێمە حوکم بەسەر فریشتەکاندا دەدەین؟ چەندە زیاتر حوکم بەسەر شتەکانی ئەم ژیانە دەدەین؟ 4 جا ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا کێشەتان هەبێت، ئایا دەیبەنە لای دادوەری بێباوەڕ کە کڵێسا پەسەندیان ناکەن؟ 5 من ئەمە دەڵێم بۆ ئەوەی شەرم بکەن. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات؟