مەرجەکانی چاودێر
1 ئەم قسەیە ڕاستە: ئەگەر یەکێک چاوی لە چاودێری بێت، حەزی لە چاکەکارییە. 2 چاودێر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، وریا و ژیر و بەڕێز و میوان دۆست بێت، بتوانێت خەڵک فێربکات، 3 سەرخۆش و توندوتیژ نەبێت، بەڵکو دڵنەرم بێت، شەڕفرۆش نەبێت، حەزی لە پارە نەبێت. 4 خێزانەکەی باش بەڕێوە ببات، منداڵەکانی بەوپەڕی ڕێزەوە ملکەچ بن. 5 ئەگەر کەسێک نەزانێت خێزانەکەی بەڕێوە ببات، چۆن چاودێری کڵێسای خودا دەکات؟ 6 تازە نەبێت لە باوەڕ، نەوەک لووتبەرز بێت و هەمان سزای شەیتانی بەسەردا بدرێت. 7 دەبێت ناوبانگی باش بێت لەلای ئەوانەی لە دەرەوەن، نەوەک قسەی بێتە سەر و بکەوێتە بەر داوی شەیتان.