Pular para o conteúdo
Publicidade

2 Reis 6

سەرئاوخستنی تەورێک

1 ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەران بە ئەلیشەعیان گوت: «ببینە، ئەو شوێنەی تێیدا لەگەڵ تۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئێمە تەنگە. 2 ڕێبدە با بچینە ڕووباری ئوردون، با هەریەکە و کاریتەیەک بهێنین. هەروەها با شوێنێک دروستبکەین تێیدا کۆببینەوە.»

ئەویش گوتی: «بڕۆن.»

3 یەکێکیان گوتی: «ڕازی بە و لەگەڵ خزمەتکارەکانت وەرە.»

ئەلیشەعیش گوتی: «دێم.» 4 ئینجا لەگەڵیان ڕۆیشت.

گەیشتنە ڕووباری ئوردون دەستیان بە داربڕینەوە کرد. 5 ئەوە بوو کاتێک یەکێکیان کاریتەی دەبڕییەوە، سەری تەورەکەی کەوتە ناو ئاوەکە، هاواری کرد: «ئای گەورەم، ئەوە ئەمانەتە!»

6 پیاوەکەی خوداش گوتی: «کەوتە کوێ؟» ئەویش شوێنەکەی پیشان دا، ئەلیشەع چڵە دارێکی لێکردەوە و فڕێیدایە ئەوێ، سەری تەورەکەی سەر ئاو خست. 7 ئینجا گوتی: «هەڵیبگرەوە.» ئەویش دەستی درێژکرد و هەڵیگرتەوە.

Veja também