پۆڵس لە کۆرنسۆس
1 لەدوای ئەمە پۆڵس ئەسینای بەجێهێشت و هاتە کۆرنسۆس. 2 لەوێ جولەکەیەکی دۆزییەوە بە ناوی ئەکیلا، خەڵکی پۆنتۆس18:2 شوێنێکە دەکەوێتە کەناری دەریای ڕەش، لە باکووری تورکیای ئێستا. بڕوانە کردار 2:9 بوو، تازە لەگەڵ پریسکیلای ژنی لە ئیتالیاوە هاتبوون، چونکە کلودیۆس18:2 ئیمپراتۆری ڕۆمانی لە ساڵانی 41–55 ز. فەرمانی دابوو هەموو جولەکە ڕۆما بەجێبهێڵن. پۆڵس ئیتر چووە لایان 3 و بەهۆی هاوپیشەییان لەلایان مایەوە و ئیشی دەکرد، چونکە پیشەیان چادر دروستکردن بوو. 4 پۆڵس هەموو شەممەیەک لە کەنیشت گفتوگۆی دەکرد و هەوڵی دەدا قەناعەت بە جولەکە و یۆنانییەکان بهێنێت.
5 کاتێک سیلا و تیمۆساوس لە مەکدۆنیاوە هاتن، پۆڵس خۆی بۆ خزمەتی پەیامی مەسیح تەرخان کرد و لەنێو جولەکەکاندا شایەتی دەدا کە عیسا مەسیحەکەیە. 6 بەڵام کاتێک دژایەتییان کرد و جنێویان پێدا، کراسەکەی تەکاند و پێی گوتن: «خوێنی خۆتان لەسەر خۆتان! من بێتاوانم. لە ئێستاوە دەچمە لای ناجولەکەکان.»
7 ئیتر پۆڵس کەنیشتەکەی بەجێهێشت و چووە ماڵی پیاوێکی خواپەرست بە ناوی تیتیۆس یوستۆس، کە ماڵەکەی لەتەنیشت کەنیشتەوە بوو. 8 کریسپۆسی پێشەوای کەنیشتەکە خۆی و خاووخێزانی باوەڕیان بە عیسای خاوەن شکۆ هێنا. هەروەها زۆر لە خەڵکی کۆرنسۆس کە گوێیان لە پۆڵس بوو باوەڕیان هێنا و لە ئاو هەڵکێشران.
قسە بکە و بێدەنگ مەبە
9 شەوێک مەسیحی خاوەن شکۆ لە بینینێکدا بە پۆڵسی فەرموو: «مەترسە، بەڵکو قسە بکە و بێدەنگ مەبە، 10 چونکە من لەگەڵتدام، کەس هێرش ناکاتە سەرت بۆ ئەوەی ئازارت بدات، چونکە خەڵکێکی زۆرم هەیە لەم شارە.» 11 ئیتر پۆڵس ساڵێک و شەش مانگ لەگەڵیان مایەوە و پەیامی خودای فێر دەکردن.