25 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد، 26 تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە، 27 بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هیچ شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ کەموکوڕی بێت. 28 بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ. 29 کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات،