Pular para o conteúdo
Publicidade

Hebreus 3

عیسا پایەبەرزترە لە موسا

1 کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆکی کاهینانی دانپێدانانمانە. 2 ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. 3 عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. 4 لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک کەسێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. 5 موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. 6 بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا3‏:6 ماڵی خودا: مەبەست لەو پیرۆزگایەیە کە لە ئاسماندا هەیە. بڕوانە زەبوورەکان 20‏:6.‏ دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.

ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی

7 لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:

﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،

8 دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،

لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.

9 لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە3‏:9 بڕوانە یاقوب 1‏:13‏،14‏.‏،

هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.

10 لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،

فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و

ڕێگای منیان نەناسی.»

11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:

«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»3‏:11 زەبوورەکان 95‏:7‏-11‏.‏

12 خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. 13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ ﴿ئەمڕۆ،3‏:13 زەبوورەکان 95‏:7.‏ تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. 14 بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر هەتا کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. 15 وەک چۆن گوتراوە:

﴿ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،

دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.3‏:15 زەبوورەکان 95‏:7‏،8‏.‏

16 جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ 17 خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ 18 خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ 19 هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕییان نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەکەی.

Veja também