دەرکەوتنی عیسا لەسەر دەریاچە
1 دوای ئەمە دیسان عیسا بەم شێوەیە لە دەریاچەی جەلیل21:1 یۆنانی: تەبەرییە. خۆی بۆ قوتابییەکان دەرخست: 2 شیمۆن پەترۆس و تۆماس کە بە دیدمۆس ناسرابوو، لەگەڵ ناتانئیل کە خەڵکی قانای جەلیل بوو، هەروەها کوڕەکانی زەبدی و دوو قوتابی دیکەی ئەو پێکەوە بوون. 3 شیمۆن پەترۆس پێی گوتن: «بۆ ڕاو دەچم.» پێیان گوت: «ئێمەش لەگەڵت دێین.» ئینجا ڕۆیشتن و سواری بەلەم بوون، بەڵام لەو شەوەدا هیچیان نەگرت.
4 کاتی بەرەبەیان، عیسا لە کەناری دەریاچەکە ڕاوەستا، بەڵام قوتابییەکان نەیانزانی ئەوە عیسایە.
5 عیسا پێی فەرموون: «کوڕینە، هیچ ماسیتان پێ نییە؟»
وەڵامیان دایەوە: «نەخێر.»
6 پێی فەرموون: «تۆڕەکە هەڵبدەنە لای ڕاستی بەلەمەکە، ماسی دەبیننەوە.» جا هەڵیاندا و ئیتر لەبەر زۆری ئەو ماسییانەی تێیدا بوو نەیانتوانی تۆڕەکە ڕابکێشنە ناو بەلەمەکە.
7 ئەو قوتابییەی عیسا خۆشی دەویست بە پەترۆسی گوت: «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە!» کاتێک پەترۆس بیستی «ئەوە عیسای خاوەن شکۆیە،» خۆی بە جلەکانی داپۆشی چونکە ڕووت بوو، خۆی هەڵدایە ناو ئاوەکەوە. 8 قوتابییەکانی دیکە بە بەلەمەکە هاتن و تۆڕی ماسییەکەیان ڕادەکێشا، چونکە تەنها دوو سەد باڵ21:8 نزیکەی 90 مەتر. لە وشکانییەوە دوور بوون. 9 کاتێک دابەزینە وشکانی، بینییان وا خەڵووز ئامادە کراوە و ماسی خراوەتە سەری و نان دانراوە.
10 عیسا پێی فەرموون: «لەو ماسییانە بهێنن کە ئێستا گرتتان.» 11 شیمۆن پەترۆسیش سەرکەوت و تۆڕەکەی ڕاکێشایە سەر وشکانی، سەد و پەنجا و سێ ماسی گەورەی تێدابوو، لەگەڵ زۆریەکەشی تۆڕەکە نەدڕا.