نموونەی مەڕە ونبووەکە
1 هەموو باجگر و گوناهباران لێی نزیک دەبوونەوە تاکو گوێ لە عیسا بگرن. 2 جا فەریسی و مامۆستایانی تەورات بۆڵەبۆڵیان دەکرد: «ئەمە پێشوازی لە گوناهباران دەکات و نانیان لەگەڵ دەخوات.»
3 عیساش ئەم نموونەیەی بۆ هێنانەوە: 4 «کامەتان ئەگەر سەد سەر مەڕی هەبێت و دانەیەکی لێ ون بێت، نەوەد و نۆیەکە لە دەشت بەجێناهێڵێت و بەدوای ونبووەکەدا ناچێت هەتا دەیدۆزێتەوە؟ 5 کاتێک دۆزییەوە بە خۆشییەوە دەیخاتە سەر شانی و 6 دێتەوە ماڵ، هاوڕێ و دراوسێکان بانگ دەکات و پێیان دەڵێت: "لەگەڵم دڵشاد بن! مەڕە ونبووەکەم دۆزییەوە." 7 پێتان دەڵێم، لە ئاسمانیش شادی زیاتر دەبێت سەبارەت بە گوناهبارێک تۆبە بکات لە نەوەد و نۆ ڕاستودروست15:7 مەبەست لەو کەسانەیە کە لەبەرچاوی خۆیان ڕاستودروستن. کە پێویستیان بە تۆبەکردن نییە.