عیسا قوتابییەکانی بانگ دەکات
1 ڕۆژێکیان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەنیسارەت ڕاوەستابوو، خەڵکی پاڵەپەستۆیان دەکرد تاکو گوێ لە پەیامی خودا بگرن. 2 عیسا دوو بەلەمی لە کەناری دەریاچەکە بینی کە ماسیگرەکان بەجێیان هێشتبوو و تۆڕەکانیان دەشوشت. 3 چووە ناو یەکێکیان، هی شیمۆن بوو، داوای لێکرد کەمێک لە وشکانی دووری بخاتەوە، ئینجا دانیشت و لەناو بەلەمەکەوە خەڵکەکەی فێردەکرد.
4 کاتێک وتەکانی تەواو کرد بە شیمۆنی فەرموو: «دووری بخەرەوە بۆ قووڵایی و تۆڕەکانتان بۆ ڕاوکردن فڕێبدەن.»
5 شیمۆن وەڵامی دایەوە: «گەورەم، بە درێژایی شەو زۆر هەوڵمان دا و هیچمان نەگرت. بەڵام لەبەر قسەی تۆ، تۆڕەکان فڕێدەدەم.»
6 کاتێک ئەمەیان کرد ماسییەکی زۆریان گرت، خەریک بوو تۆڕەکانیان بدڕێت. 7 جا ئیشارەتیان بۆ هاوکارانی ناو بەلەمەکەی دیکە کرد، تاکو بێن و یارمەتییان بدەن، ئیتر هاتن و هەردوو بەلەمەکەیان پڕکرد، هەتا وای لێهات خەریک بوو نوقوم ببن.
8 شیمۆن پەترۆس کە ئەمەی بینی، خۆی خستە بەرپێی عیسا و گوتی: «گەورەم، لێم دووربکەوە، چونکە مرۆڤێکی گوناهبارم!» 9 پەترۆس و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون لە زۆری ئەو ماسییانەی گرتبوویان سەریان سوڕمابوو، 10 یاقوب و یۆحەنای کوڕەکانی زەبدیش، هاوبەشی شیمۆن بوون.
عیسا بە شیمۆنی فەرموو: «مەترسە! ئیتر تۆ لە ئێستاوە مرۆڤ ڕاو دەکەیت5:10 مەبەست لە بەدەستهێنانی خەڵکە تاکو ببنە قوتابی مەسیح..» 11 لەدوای ئەوەی بەلەمەکانیان هێنایە وشکانی، هەموو شتێکیان بەجێهێشت و دوای عیسا کەوتن.