چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
29 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 30 ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
31 جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
32 عیسا ڕاوەستا و بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
33 وەڵامیان دایەوە: «گەورەم، دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە.»
34 عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ بیناییان بۆ گەڕایەوە و دوای کەوتن.