1 هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش3:1 یەحیا بەم نازناوە ناسراوە بەهۆی ئەوەی کە لە ڕووباری ئوردون ئەو خەڵکەی لە ئاو هەڵدەکێشا کە تۆبەیان دەکرد. یەحیا لە زمانی عیبریدا پێی دەگوترێت (یۆخەنا). لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، 2 دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» 3 یەحیا ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
﴿کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»﴾3:3 ئیشایا 40:3
4 جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە ناوقەدی دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. 5 ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، 6 دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا و لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران.
7 کە بینی زۆر لە فەریسی3:7 مەزەبێکی جولەکە بوون، لە بەجێگەیاندنی تەورات توندڕەو بوون. و سەدوقییەکان3:7 مەزەبێکی جولەکە بوون کە زۆربەیان کاهین بوون، باوەڕیان بە فریشتە و هەستانەوە نەبوو. بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی3:7 یۆنانی: باپتسمە، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن). دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ 8 با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. 9 پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: "ئیبراهیم باوکمانە." پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. 10 ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
11 «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم تەنانەت پێڵاوەکانیشی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت3:11 بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه بەهۆی ڕۆحی پیرۆز.. 12 شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی3:12 جۆخین یان سەرخەرمان ئەو زەوییە تەرخانکراوەیە کە لەلایەن وەرزێر و جوتیارەوە بەکارهێنراوە بۆ کوتانی دانەوێڵە لەسەری لەدوای کۆکردنەوەی لە کێڵگە.، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش3:12 قەسەڵ لاسکە وشکەکەیە کە دوای دروێنە دەمێنێتەوە، کاتێک قەسەڵەکە دەکوترێت دەبێت بە کا. بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
13 ئینجا عیسا لە ناوچەی جەلیلەوە هاتە سەر ڕووباری ئوردون، تاوەکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. 14 بەڵام یەحیا دەیویست ڕێی لێ بگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
15 عیساش وەڵامی دایەوە: «لە ئێستادا ڕێگا بدە بەم جۆرە بێت، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە بۆ ئەوەی هەموو ڕاستودروستییەک3:15 مەبەست ئەوەیە کە دەبێت هەموو شتێک بەگوێرەی خواستی خودا پەیڕەو بکرێت. بێتە دی.» ئینجا ڕێی دا.
16 هەرکە عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، لە ئاوەکە هاتە دەرەوە. لەو ساتەدا ئاسمان کرایەوە و ڕۆحی خودای بینی وەک کۆترێک هاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. 17 دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»