2 نەخێر! ئێمە کە سەبارەت بە گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟ 3 ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ 4 بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش ژیانێکی نوێ بژین.
5 ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. 6 ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. 7 ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.