Publicidade

2 Coríntios 6

1 وەک هاوکاری خودا لێتان دەپاڕێینەوە کە نیعمەتی خودا بێ سوود وەرمەگرن، 2 چونکە دەفەرموێ:

﴿لە کاتی پەسەندیم گوێم لێگرتیت،

لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیم دایت.﴾

ئەوەتا ئێستایە کاتی پەسەندی خودا و ئێستایە ڕۆژی ڕزگاری.

خۆسەلماندنی پۆڵس

3 لە هیچ شتێکدا نابینە کۆسپ، نەوەک گلەیی بێتە سەر خزمەت، 4 بەڵکو لە هەموو شتێکدا وەک خزمەتکاری خودا خۆمان دەسەلمێنین: بە دانبەخۆداگرتنی زۆرمان، لە تەنگانە، ناخۆشی و لێقەومان، 5 لە لێدان و زیندان و ئاژاوە، ماندووبوون و شەونخونی و برسیێتی، 6 بە پاکی و زانیاری و ئارامگرتن و نیانی، بە ڕۆحی پیرۆز و خۆشەویستی بێ دووڕوویی، 7 لە قسەی ڕاستدا، لە هێزی خودا، بە چەکەکانی ڕاستودروستی لە دەستی ڕاست و چەپ، 8 بە شکۆ و سووکایەتی، ناوزڕاو و ناوبانگ، کە ڕاستگۆین و وەک فێڵباز دەبینرێین، 9 وەک نەناسراو بەڵام ناسراوین، وەک مردوو ئەوەتا زیندووین، وەک سزادراو بەڵام نەکوژراوین، 10 وەک خەمبار، بەڵام هەردەم دڵشادین، وەک هەژار بەڵام زۆران دەوڵەمەند دەکەین، وەک هیچمان نەبێت و هەرچەندە هەموو شتێکمان هەیە.

11 ئەی کۆرنسۆسییەکان، بە ڕاشکاوی قسەتان بۆ دەکەین و دڵمان فراوانە. 12 ئێمە هەست و سۆزی خۆمانتان لێ ناستێنین، بەڵکو ئێوە لە ئێمەی دەستێنن. 13 ئەمە ئاڵوگۆرکارییە، وەک بۆ منداڵانم دەدوێم، ئێوەش دڵتان بکەنەوە.

پەرستگای خودای زیندوو

14 لەگەڵ بێباوەڕان لەژێر یەک نیردا مەبن، چونکە چ هەماهەنگییەک لەنێوان ڕاستودروستی و خراپەدا هەیە؟ یاخود چ هاوبەشییەکە لەنێوان تاریکی و ڕووناکیدا؟ 15 چ ڕێککەوتنێک لەنێوان مەسیح و بەلیعالدا هەیە؟ یان باوەڕدار چ پشکێکی لەگەڵ بێباوەڕدا هەیە؟ 16 پەرستگای خوداش چ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بت هەیە؟ چونکە ئێمە پەرستگای خودای زیندووین، وەک خودا فەرموویەتی:

﴿تێیاندا نیشتەجێ دەبم و

لەگەڵیان دەڕۆم،

دەبم بە خودای ئەوان و

ئەوانیش دەبن بە گەلی من.﴾‏.‏

17 ﴿یەزدان دەفەرموێ:

لەبەر ئەوە لە ناوەڕاستیان بڕۆنە دەرەوە و

بەجێیان بهێڵن.

دەست لە هیچ شتێکی گڵاو مەدەن،

ئینجا وەرتاندەگرمەوە.﴾‏.‏

18 ﴿یەزدانی هەرە بەتوانا ئەمە دەفەرموێت:

من دەبمە باوکی ئێوە و

ئێوەش دەبنە کوڕ و کچی من.﴾‏.‏

Veja também

Publicidade
2 Coríntios
Ver todos os capítulos de 2 Coríntios
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_18-40-07-