بنیادنانی پەرستگای سلێمان
1 ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو. 2 لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.
3 سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ3:3 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر. و پانییەکەی بیست باڵ3:3 بیست باڵ: نزیکەی نۆ مەتر، لێرە و لە ئایەتی 4، 8، 11، 13. بوو. 4 هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو.
لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد. 5 هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و 6 پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم3:6 جۆر یان سەرچاوەی زێڕەکەیە (دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان بێت). بوو. 7 کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی3:7 کەڕوبەکان: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10:5. لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.
8 شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت3:8 شەش سەد تالنت: نزیکەی 21 هەزار کیلۆگرام. بوو. 9 کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ3:9 پەنجا شاقل زێڕ: نزیکەی 0,6 کیلۆگرام. بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.
10 لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی3:10 دوو کەڕوبی تاشی: بڕوانە یەکەم پاشایان 6:23. و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. 11 درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ3:11 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر، لێرە و لە ئایەتی 12 و 15. بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛ 12 بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت. 13 باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.
14 پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.
15 لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ3:15 سی و پێنج باڵ: نزیکەی 16 مەتر. بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو. 16 زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین. 17 دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین3:17 یاکین: واتا (بنیاد دەنێت). و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز3:17 بۆعەز: واتا (ئەو هێز و توانای تێدایە)..