1 نان بدە بە دەم ئاوەوە،
چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.
2 بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش،
چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.
3 ئەگەر هەور پڕبێت،
باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت.
ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور،
ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.
4 ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت،
ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.
5 هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە،
یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت،
بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا تێبگەیت،
کە هەمووان دروستدەکات.
6 سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە،
سەر لە ئێوارەش دەستت شل مەکە،
چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت،
ئەم یان ئەو،
یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک باش دەبێت.
7 ڕووناکی شیرینە و
باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.
8 ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا،
با بە هەمووی دڵخۆش بێت.
بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت،
چونکە زۆر دەبێت.
هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.
9 ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە،
با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت.
بە ڕێگای دڵی خۆت و
بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ،
بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە
خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.
10 پەستی لە دڵت داماڵە و
خراپە لە لەشت دووربخەوە،
چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.