Pular para o conteúdo
Publicidade

دەرچوون 17

هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد

1 هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد، بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن، لە ڕەفیدیم لایاندا، بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل. 2 جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان: «ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»

موساش وەڵامی دانەوە: «بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟ بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»

3 بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا. گوتیان: «بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە، هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»

4 ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «چی لەم گەلە بکەم؟ پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»

5 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ. 6 من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە17‏:6 ئەو تاشەبەردە: بڕوانە سەرژمێری 20‏:8 و یەکەم کۆرنسۆس 10‏:4‏.‏ لە حۆرێڤ وەستاوم. لە تاشەبەردەکە دەدەیت، ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.» موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل. 7 ئەو شوێنەیان ناو نا مەسا و مەریبا17‏:7 مەسا واتای (تاقی کردنەوە)یە و مریباش واتای (دەمەقاڵێ)یە.‏، لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»

بەزاندنی عەمالێقییەکان

8 عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم. 9 موساش بە یەشوعی17‏:9 یەشوع: لە زمانی عیبری بە واتای (خودا ڕزگار دەکات) دێت کە هاوواتای ناوی عیسایە. بڕوانە مەتا 1‏:21‏.‏ گوت: «چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە، من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»

10 یەشوعیش بە قسەی موسای کرد، لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا، موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە. 11 ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە، نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن، بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە، عەمالێقییەکان سەردەکەوتن. 12 کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون، بەردێکیان هێنا و خستیانە ژێری و ئەویش لەسەری دانیشت. ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت، ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی بە بەرزکراوەیی مایەوە. 13 یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.

14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە، چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»

15 موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و 16 گوتی: «لەبەر ئەوەی عەمالێق دەستی بەرزکردووەتەوە لە دژی تەختی یەزدان، یەزدان نەوە لەدوای نەوە لە دژی عەمالێق لە جەنگدا دەبێت.»

Veja também