Publicidade

Êxodo 6

1 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»

2 هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم، 3 بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک "خودای هەرە بەتوانا" دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە "یەزدان"ە.‏ لەلای ئەوان خۆمم نەناساند. 4 هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون. 5 هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.

6 «بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: "من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە. 7 هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتانم ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت. 8 دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم."»

9 موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.

10 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»

12 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»

تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون

13 یەزدان سەبارەت بە نەوەی ئیسرائیل و فیرعەونی پاشای میسر لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر ببەنە دەرەوە.

14 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:

نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە،

حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی،

لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.

15 نەوەی شیمۆنیش

یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو،

لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.

16 ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان:

گێرشۆن و قەهات و مەراری.

تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.

17 کوڕانی گێرشۆن،

لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.

18 نەوەی قەهاتیش،

عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل.

تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.

19 کوڕانی مەراریش،

مەحلی و موشی.

ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.

20 عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو.

تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.

21 نەوەی یەسهاریش:

قۆرەح و نەفەگ و زکری.

22 نەوەی عوزیێلیش:

میشائیل و ئەلسافان و سیتری.

23 هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.

24 نەوەی قۆرەحیش:

ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف.

ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.

25 ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو.

ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.

26 ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان لە خاکی میسر دەربهێنن.» 27 ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.

هارون دەبێتە قسەکەری موسا

28 ئەوە بوو ئەو ڕۆژەی یەزدان لە خاکی میسر لەگەڵ موسا دوا، 29 یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»

30 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-