Publicidade

Gênesis 16

هاجەر و ئیسماعیل

1 سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. 2 سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد. 3 ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی. 4 ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. 5 ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.»

6 ئەبرامیش بە سارایی گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد، هەتا لە دەستی هەڵات.

7 ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛ ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە. 8 فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»

ئەویش گوتی: «لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.»

9 فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»

11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:

«ئێستا سکت پڕە،

کوڕێکت دەبێت،

ناوی دەنێیت ئیسماعیل،

چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو.

12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی لێ دێت.

دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و

دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.

دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.»

13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش و بەرەدە.

15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل. 16 ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_18-40-07-