23 ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ 24 ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی کە تێیدایە نایبەخشیت؟ 25 حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە کە ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت و وەکو یەک هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکەیت! دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەر نابێت؟»
26 یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە شاری سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»
27 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم، بوێری ئەوەم هەبووە لەگەڵ پەروەردگاردا قسە بکەم، 28 ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟»
فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»
29 دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»
30 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟»
فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»
31 ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»
32 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟»
فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»
33 ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.