Publicidade

Jeremias 47

پەیامێک سەبارەت بە فەلەستییەکان

1 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە فەلەستییەکان، بەر لەوەی فیرعەون پەلاماری غەزە بدات:

2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا ئاو لە باکوورەوە هەڵدەستێت و

دەبێتە لافاوێکی ڕاماڵ،

زەوی و هەرچی لەسەریەتی ڕایدەماڵێت،

شار و دانیشتووانەکەی.

خەڵکی هاوار دەکەن،

هەموو دانیشتووانی خاکەکە واوەیلا دەکەن

3 لە دەنگی تەقەی سمی ئەسپە بە تواناکانی،

لە خڕەی گالیسکەکانی و

جیڕەی چەرخەکانی.

باوک ئاوڕ لە کوڕ ناداتەوە

لەبەر شلبوونی دەستەکانی.

4 لەبەر ئەوەی ئەو ڕۆژە هاتووە

بۆ تەفروتوناکردنی فەلەستییەکان و

بۆ بڕینەوەی هەموو پاشماوەیەک

کە بتوانن پشتگیری پاشایەتی سور و سەیدا بکەن.

یەزدان خەریکە فەلەستییەکان تەفروتونا دەکات،

پاشماوەی کەناری کەفتۆر.

5 خەڵکی غەزە لەبەر ماتەم سەریان دەتاشن،

ئەسقەلان کپ دەبێت.

ئەی پاشماوەی خەڵکی دۆڵەکان،

هەتا کەی لەشی خۆتان بریندار دەکەن؟

6 «"ئای ئەی شمشێری یەزدان،

هەتا کەی پشوو نادەیت؟

بڕۆ ناو کێلانەکەتەوە و

هێدی بە و کپ بە."

7 بەڵام چۆن پشوو دەدات

کە یەزدان فەرمانی پێکردبێت،

لە دژی ئەسقەلان و لە دژی کەناری دەریا،

لەوێ ئەرکی پێ سپارد؟»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-18_14-04-22-