12 کاتێک کە چووە یەکێک لە گوندەکان، تووشی دە پیاو بوو کە نەخۆشی گولییان هەبوو. لە دوورەوە ڕاوەستابوون و 13 دەنگیان بەرز کردەوە و گوتیان: «ئەی عیسا، ئەی مامۆستا، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
14 جا ئەوانی بینی و پێی فەرموون: «بڕۆن خۆتان نیشانی کاهینان بدەن.» کاتێک دەڕۆیشتن پاکبوونەوە.
15 یەکێکیان سەیری کرد پاک بووەتەوە، گەڕایەوە و بە دەنگێکی بەرز ستایشی خودای کرد، 16 لەبەرپێی عیسا بەسەر ڕوودا کەوت و سوپاسی کرد. کابرا سامیرەییش بوو.
17 عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەرێ دە کەس پاک نەبوونەوە؟ کوا نۆیەکەی دیکە؟ 18 هیچ کەسێکیان نەبینران بگەڕێنەوە و ستایشی خودا بکەن، ئەم بێگانەیە نەبێت؟» 19 ئینجا پێی فەرموو: «هەستە و بڕۆ، باوەڕت ڕزگاری کردیت.»