Publicidade

Naum 2

پاشایەتی نەینەوا دەڕووخێنرێت

1 ئەی نەینەوا، پەلاماردەر لە دژی تۆ هات.

قەڵاکە بپارێزە،

چاودێری ڕێگاکە بکە،

بازووی لێ هەڵبکە،

توانای زۆر بخەرە گەڕ!

2 یەزدان سەروەری یاقوب دەگەڕێنێتەوە

وەک سەروەری ئیسرائیل،

هەرچەندە تاڵانکەران تاڵانیان کردن و

ڕەزەمێوەکانیان تێکدان.

3 قەڵغانی پاڵەوانەکانی ئاڵ هەڵگەڕاون،

قارەمانەکانی لە بەرگی سووردان،

لە ڕۆژی خۆ ئامادەکردنیاندا

پۆڵای گالیسکەکان بریسکە دەداتەوە،

ئەو ڕمانەی لە دار سنەوبەر دروستکراون دەلەرنەوە.

4 گالیسکەکان لە شەقامەکان تیژڕەون،

لە گۆڕەپانەکان سەرەڕۆن.

دیمەنیان وەک مەشخەڵە،

وەک بروسک غار دەدەن.

5 نەینەوا پاڵەوانەکانی بانگ دەکات،

بەڵام ساتمە دەکەن و لە ڕۆیشتنیاندا دەکەون.

پەلە دەکەن بۆ لای شووراکانی و

قەڵغانەکان ئامادە کراون.

6 دەروازەکانی ڕووبار دەکرێنەوە و

کۆشکەکە دەڕمێت.

7 بە فەرمانی خودا بە دیل دەگیرێت و

ڕاپێچ دەکرێت.

کەنیزەکانی هەروەک کۆتر دەگمێنن،

سنگیان دەکوتن.

8 نەینەوا وەک حەوزێکی وشکبووە.

هاوار دەکەن، «ڕاوەستن! ڕاوەستن!»

بەڵام کەس ئاوڕ ناداتەوە.

9 «زیو تاڵان بکەن!

زێڕ تاڵان بکەن!

گەنجینەکانی لەبن نایەن،

پڕە لە گەوهەری بەهادار.»

10 چۆڵ و تاڵانکراو و داماڵراوە،

دڵ دەتوێتەوە و ئەژنۆکان شلن،

هەموویان دەلەرزن، ڕەنگیان دەپەڕێت.

11 کوا لانەی شێرەکان،

لەوەڕگای بەچکە شێران؟

لەوێدا شێر و شێرە مێ دەگەڕان

لەگەڵ بەچکە شێر، هیچ شتێک نەیدەترساندن.

12 شێر بۆ پێویستی بەچکەکانی پەلاماری دەدا و

نێچیرەکەی بۆ شێرە مێیەکەی دەخنکاند،

ئەشکەوتەکەی پڕ دەکرد لە نێچیر،

لانەکانیشی لەوانەی پەلاماری داون.

13 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:

«من لە دژی تۆم.

گالیسکەکانت دەسووتێنم و دەبنە دووکەڵ،

بەچکە شێرەکانیشت شمشێر دەیانخوات و

نێچیرت لەسەر زەوی لێ دەبڕم.

ئیتر دەنگی نێردراوەکانت نابیسترێن.»

Veja também

Publicidade
Naum
Ver todos os capítulos de Naum
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_18-40-07-