Publicidade

Números 12

قسەکردنی مریەم و هارون لە دژی موسا

1 مریەم و هارون لە دژی موسا قسەیان کرد، لەبەر ئەو ژنە کوشییەی کە خواستی، چونکە ژنێکی کوشی خواستبوو. 2 جا گوتیان: «ئایا یەزدان تەنها لەگەڵ موسادا دواوە، باشە لەگەڵ ئێمەش قسەی نەکرد؟» یەزدانیش گوێی لێبوو.

3 (موساش لە هەموو خەڵکی سەر ڕووی زەوی بێفیزتر بوو.)

4 جا یەزدان دەستبەجێ بە موسا و هارون و مریەمی فەرموو: «ئەو سێیەتان وەرنە دەرەوە بۆ لای چادری چاوپێکەوتن.» ئینجا هەرسێکیان هاتنە دەرەوە. 5 یەزدانیش لە ستوونی هەوردا دابەزی و لە دەروازەی چادرەکە وەستا، بانگی هارون و مریەمی کرد، هەردووکیان بەرەو پێشەوە چوون. 6 جا فەرمووی: «باش گوێ لە قسەم بگرن:

«کاتێک پێغەمبەری یەزدان لەنێوتانە،

ئەوا بە بینین خۆمی بۆ ئاشکرا دەکەم،

لە خەوندا لەگەڵی دەدوێم.

7 بەڵام موسای بەندەم ئاوا نییە،

بەڵکو بەوەفایە لە هەموو ماڵەکەم،

8 ڕوو بە ڕوو لەگەڵی دەدوێم،

بە ڕوونی نەک بە مەتەڵ،

شێوەی یەزدان دەبینێت.

ئیتر بۆچی نەترسان

کە لە دژی موسای بەندەم دوان؟»

9 جا تووڕەیی یەزدان لێیان جۆشا و ڕۆیشت.

10 کاتێک هەورەکە لەسەر چادرەکە بەرزبووەوە مریەم گەڕوگول بوو، وەک بەفر سپی هەڵگەڕا، جا هارون ئاوڕی لە مریەم دایەوە و بینی گەڕوگول بووە. 11 هارون بە موسای گوت: «گەورەم داوات لێدەکەم ئەو سزایەمان نەخەیتە سەر کە گێلایەتیمان کرد و گوناهمان پێی کرد، 12 تکایە با وەک ئەو کۆرپە لەبارچووە نەبێت کە پووکاوەتەوە.»

13 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «خودایە، تکایە چاکی بکەوە.»

14 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئەگەر باوکی تفی لە چارەی دەکرد، ئایا حەوت ڕۆژ شەرمەزار نەدەبوو؟ با حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بێت و ئینجا بێتەوە.» 15 جا مریەم حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکە دەستبەسەر بوو و گەلیش بەڕێ نەکەوتن هەتا مریەم نەهاتەوە.

16 پاش ئەمە گەل لە حەچێرۆتەوە بەڕێکەوتن و لە چۆڵەوانی پاران چادریان هەڵدا.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_06-50-08-