ئاگادارکردنەوە لە ڕەتکردنەوەی دانایی
20 دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات،
لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە،
21 لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات،
لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات:
22 «هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟
هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن،
گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟
23 بگەڕێنەوە کاتێک سەرزەنشتتان دەکەم!
ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم،
وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم.