Publicidade

Provérbios 31

قسەی لەموئێلی پاشا

1 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:

2 گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم!

گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم!

3 هێزت مەدە ژنان،

ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.

4 ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە،

بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،

بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،

5 نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،

مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.

6 ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،

شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.

7 با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،

ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.

8 بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن،

بۆ مافی هەموو دەربەدەران.

9 دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،

پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.

بەشی کۆتایی: ژنی خانەدان

10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟

نرخی لە یاقووت گرانترە.

11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و

لە هیچی کەم نابێت.

12 ژنەکە بە درێژایی ژیانی

چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە.

13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،

بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.

14 وەک کەشتی بازرگان وایە،

خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.

15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،

خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و

ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.

16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،

بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.

17 ناوقەدی توند دەبەستێت و

بازووی لێ هەڵدەکات.

18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،

بە شەو چرای ناکوژێتەوە.

19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و

تەشی لەناو لەپیدایە.

20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و

دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.

21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،

چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان لەبەردایە.

22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،

کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.

23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،

لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.

24 ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،

پشتێن بۆ بازرگانان دابین دەکات.

25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون،

پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئاییندە.

26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و

فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.

27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،

نانی تەمبەڵی ناخوات.

28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،

مێردەکەشی ستایشی دەکات:

29 «زۆر ژن خانەدان بوونە،

بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»

30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،

بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.

31 ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و

با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_06-50-08-