ئیسحاق و ئەبیمەلەخ
1 ئینجا جیا لەو قاتوقڕییەی کە یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیمدا ڕوویدا، قاتوقڕییەکی دیکە لە خاکەکە سەریهەڵدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. 2 یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. 3 بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. 4 نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. 5 لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.» 6 ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو.
7 پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.»
8 کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە.