Pular para o conteúdo
Publicidade

هۆشەع 8

دورینەوەی گەردەلوول

1 «کەڕەنا ببە بۆ دەمت!

هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان،

لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و

لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.

2 هاوار بۆ من دەکەن:

"ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!"

3 بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە،

لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.

4 ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو،

میریان دانا، کە من نایانناسم.

لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد،

بۆ لەناوچوونیان.

5 ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ!

تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت.

هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟

6 هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن!

وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا.

گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.

7 «ئەوان با دەچێنن و

گەردەلوول دەدورنەوە.

چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و

ئاردی لێ دروستناکرێت و

ئەگەر دروستیش کرا

بێگانەکان هەڵیدەلووشن.

8 ئیسرائیل هەڵلووشرا!

ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا

وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.

9 وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها

چوونە ئاشور.

ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.

10 هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە،

بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە،

ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار8‏:10 مەبەست لە پاشای ئاشورە.‏ دەفەوتێن.

11 «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد،

بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.

12 شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم،

بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.

13 قوربانیم پێشکەش دەکەن و

خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن،

بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە.

ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و

سزای گوناهەکانیان دەدات:

ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.

14 ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و

چەندین کۆشکی بنیاد نا،

یەهوداش شارە قەڵابەندەکان.

بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی

ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»

Estes versículos te tocaram? Ore agora!

+581 estão orando agora.

Junte-se à corrente de oração.

Veja também