Publicidade

Oséias 14

تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت

1 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،

چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!

2 ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و

بگەڕێنەوە لای یەزدان،

پێی بڵێن:

«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و

بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،

بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.‏.‏

3 ئاشور ڕزگارمان ناکات.

سواری ئەسپ نابین،

جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،

"خوداوەندەکانمان،"

چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»

4 «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،

بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،

چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.

5 بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،

ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و

وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،

6 چڵەکانی درێژ دەبنەوە،

جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و

وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.

7 نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.

وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و

وەک مێو دەگەشێتەوە.

ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.

8 ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟

من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،

من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،

بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»

9 کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟

کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟

چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و

ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،

بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-