Publicidade

Jó 11

وەڵامی یەکەمی چۆفەر

1 چۆفەری نەعماتیش وەڵامی دایەوە:

2 «ئایا ئەم هەموو قسانە شایانی وەڵام نین،

یاخود پیاوی زۆربڵێ ئەستۆپاک دەبێت؟

3 ئایا قسە پووچەکانت خەڵکی بێدەنگ دەکات،

یان گاڵتە دەکەیت و کەس نییە شەرمەزارت بکات؟

4 بە خودا دەڵێیت "باوەڕم بێگەردە و

من لەبەرچاوی تۆدا پاکم،"

5 بەڵام خۆزگە خودا دەدوا و

لێوەکانی بەرامبەر بە تۆ دەکردەوە و

6 نهێنییەکانی دانایی بۆت ئاشکرا دەکرد،

چونکە دانایی لایەکی ئاشکرا و لایەکی شاردراوەشی هەیە،

جا دەتزانی کە خودا لە تاوانەکەی خۆت کەمتر سزای داویت.

7 «ئایا دەتوانیت لە نهێنییەکانی خودا بگەیت؟

ئایا دەتوانیت بگەیتە سنووری خودای هەرە بەتوانا؟

8 ئەو لە ئاسمان بەرزترە، ئیتر تۆ چی دەکەیت،

لە جیهانی مردووان قووڵترە، ئیتر تۆ چی دەزانیت؟

9 پێوانەکەی لە زەوی درێژترە و

لە دەریاش پانترە.

10 «ئەگەر هات و تۆی خستە بەندیخانەوە و

تۆی بردە دادگا، کێ ڕێی لێ دەگرێت؟

11 بێگومان ئەو دەزانێت خراپەکاران کێن و

خراپەکاری دەبینێت، وا دەزانیت ئاگای لێ نییە؟

12 بەڵام پیاوێکی بێ ئەقڵ نابێتە تێگەیشتوو

هەتا جاشکی کەرەکێوی وەک مرۆڤ لەدایک نەبێت.

13 «ئەگەر تۆ دڵی خۆت ئامادە بکەیت و

دەستی خۆتی بۆ پان بکەیتەوە،

14 ئەگەر ئەو خراپەیەی لەناو دەستتە دووری بخەیتەوە و

نەهێڵیت ستەم لەناو چادرەکەت نیشتەجێ بێت،

15 ئەو کاتە بەبێ کەموکوڕی شەرم ناکەیت و

چەسپاو دەبیت و ناترسیت.

16 چەرمەسەری لەبیر دەکەیت و

وەک ئاوێکی تێپەڕیو یادی دەکەیتەوە.

17 ژیانت لە نیوەڕۆ ڕۆشنتر دەبێت و

تاریکی وەک ڕووناکی بەیانی لێدێت.

18 دڵنیا دەبیت، چونکە ئومێدت هەیە،

دەوروبەرەکەت دەپشکنیت و بە ئاسوودەییەوە پشوو دەدەیت.

19 خۆت مات دەکەیت و کەس نییە هەراسانت بکات و

زۆر کەس لە ڕووی تۆ دەپاڕێنەوە.

20 بەڵام چاوی بەدکاران کوێر دەبن و

پەناگا نامێنێت بۆ دەربازبوون؛

ئاواتیان ڕۆح سپاردنە.»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-19_11-20-24-