Publicidade

Jó 28

دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟

1 زیو کانی هەیە و

بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.

2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،

مسیش لە توانەوەی بەرد.

3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛

لەناو تاریکی سێبەری مەرگ

بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.

4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،

لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛

شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.

5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،

لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛

6 بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و

لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.

7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و

چاوی هەڵۆ نایبینێت.

8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،

شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.

9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،

بنکەی چیاکان دەردەخات.

10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛

چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.

11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و

ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.

12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و

تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟

13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و

لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.

14 قووڵایی ژێر زەوی‏.‏ دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»

دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»

15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و

نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.

16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و

نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.

17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،

نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.

18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و

نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.

19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و

بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.

20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و

تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟

21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و

لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.

22 لەناوچوون و مردن دەڵێن:

«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»

23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و

ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.

24 لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و

هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.

25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و

ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،

26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و

بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،

27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،

ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.

28 بە مرۆڤی فەرموو:

«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و

لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-18_14-04-22-