Pular para o conteúdo
Publicidade

Oséias 2

1 «بە براکانتان بڵێن: "گەلی من،" و بە خوشکەکانتان: "بەر بەزەیی کەوتوو."

سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل

2 «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،

چونکە ئەو ژنی من نییە و

منیش مێردی ئەو نیم.

بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و

ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.

3 ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،

وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛

وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،

وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،

بە تینووێتی دەیمرێنم.

4 بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،

چونکە زۆڵن.

5 بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و

بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.

ئەو گوتی: "دوای دۆستەکانم دەکەوم،

ئەوانەی نان و ئاو،

خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن."

6 لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،

دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.

7 دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،

بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.

ئینجا دەڵێت:

"دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،

چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو."

8 ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە

دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،

زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،

بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.

9 «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،

شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.

خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن

لەبەری دادەکەنم.

10 ئێستا شوێنی شەرمی

لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،

کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.

11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:

جەژن و سەرەمانگەکانی،

شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.

12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،

کە گوتی: "ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم."

دەیانکەم بە دارستان و

ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.

13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم

کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،

بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،

دوای خۆشەویستانی کەوت،

بەڵام منی لەیاد کرد.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین

دەیبەمە چۆڵەوانی و

بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.

15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،

دۆڵی عاخۆر2‏:15 (عاخۆر) وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع بەشی 7.‏ دەکەم بە دەرگای هیوا.

لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،

وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»

16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،

پێم دەڵێیت: "مێردەکەم" و

چیتر پێم ناڵێیت: "گەورەم."

17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و

ئیتر ناویان ناهێنێت.

18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم

لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و

خشۆکەکانی زەوی.

کەوان و شمشێر و جەنگ

لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و

وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.

19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و

بە ڕاستودروستی و دادوەری،

بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.

20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و

دان بە یەزداندا دەنێیت.

21 «یەزدان دەفەرموێت:

لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،

من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و

ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،

22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و

شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،

ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل2‏:22 یەزرەعیل: ناوێکی عیبری واتا (خودا دەیچێنێت).‏ دەبێت.

23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،

بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم "بەزەییم پێیاندا نایەتەوە."

ئەوانەی کە پێیان دەگوترا "گەلی من نین" پێیان دەڵێم: "ئێوە گەلی منن."

ئەوانیش دەڵێن: "تۆ خودای ئێمەیت."»

Veja também