Publicidade

Zacarias 10

بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی یەهودا

1 لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن،

یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات.

ئەو شەستە باران دەبارێنێت،

کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.

2 بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن،

فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن،

خەونی درۆ دەگێڕنەوە،

بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن،

بۆیە گەل وەک مەڕ پەرتەوازە بوون،

سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.

3 «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت،

ڕابەرەکان سزا دەدەم،

چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی،

بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە،

دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.

4 بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت،

مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت،

کەوانی جەنگ لەوێوە دێت،

هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.

5 پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن،

ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن،

دەجەنگن، چونکە یەزدان لەگەڵیانە،

ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.

6 «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم،

بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم.

دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە،

وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە،

چونکە من یەزدانی پەروەردگاری ئەوانم،

وەڵامیان دەدەمەوە.

7 ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت،

دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب،

منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،

دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.

8 ئاماژەیان بۆ دەکەم،

پێکەوە کۆیان دەکەمەوە.

بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە،

هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.

9 هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم،

بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە.

ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و

دەگەڕێنەوە.

10 لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و

لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە.

دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان،

جێیان نابێتەوە.

11 بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن،

شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و

هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن.

لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و

داردەستی میسر نامێنێت.

12 بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و

بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-