Publicidade

Zacarias 13

پاکبوونەوە لە گوناه

1 «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»

2 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو لە خاکەکە ڕادەماڵم. 3 وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: "دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە." ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.

4 «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. 5 هەریەکە و دەڵێت: "من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە." 6 ئەگەر کەسێک بپرسێت: "ئەم برینانە چین لە جەستەت؟" ئەویش وەڵام دەداتەوە: "ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم."

لێدان لە شوانەکە

7 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:

ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،

لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!

لە شوانەکە بدە،

مەڕەکان پەرت دەبن،

پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»

8 یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،

دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،

یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.

9 ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،

وەک زیو دەیانپاڵێوم،

وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.

ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و

منیش وەڵامیان دەدەمەوە،

من دەڵێم: "ئەوان گەلی منن،"

ئەوانیش دەڵێن: "یەزدان خودای ئێمەیە."»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-