Publicidade

Amós 3

بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل

1 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:

2 «تەنها ئێوەم ناسی

لە هەموو خێڵەکانی زەوی،

لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،

لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»

3 ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،

بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟

4 ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،

ئەگەر نێچیری نەبێت؟

ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،

بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟

5 ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،

لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟

ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،

ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟

6 ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،

ئایا گەل ناترسێت؟

ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،

ئایا یەزدان نەیکردووە؟

7 بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات

بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.

8 شێر نەڕاندی،

کێ ناترسێت؟

یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،

کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟

9 بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و

پێیان بڵێن:

«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،

ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،

ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»

10 یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،

ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»

11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و

هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و

قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»

12 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک

لە دەمی شێر دەردەهێنێت،

ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە

بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و

بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»

13 «گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.

14 «لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،

سزای قوربانگاکانی بێت‌ئێلیش دەدەم،

جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و

دەکەونە سەر زەوی.

15 کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،

هەروەها کۆشکی هاوینەش،

کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و

هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

Veja também

Publicidade
Amós
Ver todos os capítulos de Amós
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-