Publicidade

Amós 8

سەبەتەیەک میوەی گەییو

1 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. 2 جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»

منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»

ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!

3 «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.

4 ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،

هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،

گوێتان لەمە بێت:

5 ئێوە دەڵێن،

«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت

تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،

کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،

تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»

بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و

نرخ زیاد بکەن و

فێڵ لە تەرازوو بکەن،

6 بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و

نەداران بە جووتێک پێڵاو و

بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.

7 یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.

8 «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و

هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟

هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،

وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»

9 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:

«جا لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و

لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.

10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و

هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.

جلوبەرگی گوش دەکەمە بەر هەمووتان و

قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.

دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و

کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»

11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،

قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،

نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،

بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.

12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و

لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،

بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،

بەڵام نایدۆزنەوە.

13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان

لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.

14 ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و

دەڵێن: "ئەی دان، سوێند بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…" و

"سوێند بە خوداوەندی بیری شابەع کە زیندووە…"

جا دەکەون و

ئیتر هەڵناستنەوە.»

Veja também

Publicidade
Amós
Ver todos os capítulos de Amós
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-