Publicidade

Apocalipse 15

حەوت فریشتە و حەوت دەرد

1 پاشان نیشانەیەکی گەورە و سەیری دیکەم لە ئاسماندا بینی: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.

2 پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. 3 سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی و دەیانگوت:

«ئەی یەزدان، خودای هەرە بەتوانا،

کارەکانت گەورە و سەیرە!

ئەی پاشای نەتەوەکان،

ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.

4 ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و

ناوت شکۆدار ناکات؟

چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.

هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،

چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»

5 پاش ئەوە تەماشام کرد و بینیم لە ئاسماندا شوێنی هەرەپیرۆز لە چادری پەیمان کرایەوە. 6 حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو. کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشیبوو و چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو. 7 یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە. 8 پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵی شکۆ و هێزی خودا و هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون، کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_06-50-08-