Publicidade

Apocalipse 7

پاراستنی بەندەکانی خودا

1 پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. 2 فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن و گوتی: 3 «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» 4 گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.

5 لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،

لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،

لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،

6 لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،

لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،

لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،

7 لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،

لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،

لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،

8 لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،

لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،

لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.

خەڵکانێکی سپیپۆش

9 پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:

«ڕزگاری هی خودامانە،

کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و

هی بەرخەکەیە.»

11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 12 دەیانگوت:

«ئامین!

ستایش و شکۆ و دانایی و

سوپاس و ڕێز و هێز و توانا

بۆ خودامانە، هەتاهەتایە!

ئامین!»

13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»

پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە

«لەبەردەم تەختی خودان و

شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و

دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.

16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،

نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر،

17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانایەتییان دەکات و

بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،

خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-