Publicidade

Apocalipse 18

کەوتنی بابل

1 پاش ئەوەش فریشتەیەکی دیکەم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و دەسەڵاتێکی گەورەی هەبوو، زەویش بە شکۆی ئەو ڕووناک بووەوە. 2 بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گوتی:

«کەوت! بابلی گەورە کەوت!

بووە جێنشینی جنۆکەکان و

پەناگای هەموو ڕۆحە پیسەکان،

پەناگای هەموو باڵندەیەکی گڵاو،

پەناگای هەموو ئاژەڵێکی گڵاو و قێزەون.

3 لەبەر ئەوەی هەموو نەتەوەکان

لە شەرابێکی زۆری داوێنپیسی ئەویان خواردووەتەوە.

پاشاکانی زەوی داوێنپیسییان لەگەڵدا کردووە،

بازرگانانی زەویش بە توانای سەڵتەنەتی ئەو دەوڵەمەند بوون.»

4 گوێم لە دەنگێکی دیکە بوو لە ئاسمانەوە دەیفەرموو:

«ئەی گەلی من لێی دەربچن،

تاکو بەشداری لە گوناهەکانی نەکەن،

تاکو دەردەکانی نەگرن،

5 چونکە گوناهەکانی تاکو ئاسمان بەرزبوونەوە و

خوداش خراپی ئەوی بە یاد هاتەوە.

6 سزای بدەنەوە وەک ئەویش سزای دایەوە و

بەگوێرەی کردارەکانی خۆی دووقاتی بدەنەوە،

لەو جامەی تێیدا تێکەڵی کرد دووقاتی بۆ تێکەڵ بکەنەوە.

7 هێندەی ئەوەی کە خۆی بە گەورە داناوە و خۆش ڕایبواردووە،

ئازار و خەمی بدەنێ، چونکە لە دڵی خۆیدا دەڵێت:

"من وەک شاژن دانیشتووم و بێوەژن نیم،

هەرگیز شیوەن ناگێڕم."

8 لەبەر ئەوە دەردەکانی لە ڕۆژێکدا دێن،

مردن و شیوەن و قاتوقڕی.

بە ئاگریش دەسووتێت،

خودای پەروەردگار ئەوەی حوکمی دەدات، بەهێزە.

سێ جار قوڕبەسەری بۆ بابل

9 «پاشاکانی زەوی، ئەوانەی لەگەڵیدا داوێنپیسییان کردووە و لە ژیاندا خۆشیان ڕابواردووە، کاتێک دووکەڵی سووتانەکەی دەبینن بۆی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن. 10 لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن و دەڵێن:

«"ئەی شارە مەزنەکە، قوڕت بەسەر، قوڕت بەسەر!

ئەی بابل، شارە بەهێزەکە!

چونکە لە کاتژمێرێکدا سزادانت هات."

11 «بازرگانانی زەوی دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن، چونکە ئیتر کەس شتومەکیان لێ ناکڕێت، 12 شتومەکی زێڕ و زیو و بەردی گرانبەها و مرواری، کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و حەریر و قرمز، هەموو دارێکی بۆندار و هەموو شتێکی دروستکراو لە عاج و هەموو قاپێک لە داری گرانبەها، بڕۆنز و ئاسن و مەڕمەڕ، 13 دارچین و بۆنوبەرام و بخوور و موڕ و لبان، شەراب و ڕۆنی زەیتوون و باشترین ئارد و گەنم، مەڕوماڵات، ئەسپ و گالیسکە و مرۆڤی وەک کۆیلە فرۆشراو.»

14 دەڵێن: «بەرهەمی شەیدای دڵت لە دەست چوو، هەموو دەوڵەمەندی و سەڵتەنەتت لێ بڕا و ئیتر هەرگیز نایاندۆزیتەوە.» 15 بازرگانانی ئەم شتانە کە بەهۆی ئەوەوە دەوڵەمەند بوون، لە ترسی ئازارەکەی لە دوور دەوەستن، دەگریێن و شیوەنی بۆ دەگێڕن و 16 دەڵێن:

«"قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە،

کە بە کەتانی ناسک و ئەرخەوانی و قرمز پۆشرابوویت،

بە زێڕ و بەردی گرانبەها و مرواری ڕازابوویتەوە!

17 چونکە لە یەک کاتژمێردا دەوڵەمەندییەکی ئاوا لەدەست چوو!"

«هەموو کەشتیوانان و گەشتیاران و کرێکارانی نێو کەشتی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دەریادا کار دەکەن، لە دوور دەوەستن. 18 کاتێک چاویان بە دووکەڵی سووتانەکەی دەکەوێت، هاوار دەکەن و دەڵێن: "چ شارێک وەکو شارە گەورەکەیە؟" 19 خۆڵ بە سەری خۆیاندا دەکەن، بە گریان و شیوەنەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:

«"قوڕت بەسەر! قوڕت بەسەر، ئەی شارە گەورەکە!

ئەوەی هەموو خاوەن کەشتی دەریا بە سامانەکەی دەوڵەمەند بوون!

لە کاتژمێرێکدا بەفیڕۆ چوو!

20 «"ئەی ئاسمان و گەلی پیرۆزی خودا و نێردراوان و پێغەمبەران پێی دڵشاد بن!

چونکە خودا لە بەرژەوەندی ئێوە حوکمی ئەوی دا."»

دوایین کەوتنی بابل

21 ئینجا فریشتەیەکی بەهێز بەردێکی هەڵگرت، وەک بەردی ئاش گەورە بوو، فڕێیدایە دەریاوە و گوتی:

«ئاوا بە توندی شاری بابلی گەورە فڕێدەدرێت،

هەرگیز نادۆزرێتەوە.

22 ئیتر دەنگی ژەنیارانی قیسارە و مۆسیقا و شمشاڵ و کەڕەنا

تێیدا نابیسترێت.

هەرگیز وەستای هیچ پیشەیەکیش لە تۆدا نادۆزرێتەوە،

دەنگی ئاش لە تۆدا نابیسترێت.

23 هیچ چرایەک تێیدا هەڵناکرێت،

ئیتر دەنگی بووک و زاوا تێیدا نابیسترێت.

بازرگانەکانت گەورەی زەوی بوون و

هەموو نەتەوەکان بە جادووگەریی تۆ گومڕابوون.

24 تێیدا خوێنی پێغەمبەران و گەلی پیرۆزی خودا و

هەموو ئەوانەی لەسەر زەویدا کوژران دۆزراونەتەوە.»

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_18-40-07-