Pular para o conteúdo
Publicidade

میخا 2

پیلانی مرۆڤ و پلانی خودا

1 قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و

لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن!

کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن

چونکە لە دەستیان دێ.

2 چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن،

هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن.

دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن،

تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.

3 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە،

ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن.

بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن،

چونکە کاتی خراپە دەبێت.

4 لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و

شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ:

"بە تەواوی وێران بووین،

بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە.

چۆن لێی داماڵین!

کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟"»

5 لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت

بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.

پێغەمبەرانی درۆزن

6 پێغەمبەرەکانیان دەڵێن: «پێشبینی مەکەن!

دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن،

ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»

7 ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئایا دروستە خەڵک بپرسێت:

«ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟

یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟»

«ئایا وشەکانم باش نین

بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟

8 بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم

بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین.

ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن

لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن،

وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.

9 ژنانی گەلەکەم دەردەکەن

لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە.

بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان

بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.

10 هەستن و بڕۆن!

چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە،

لەبەر ئەوەی گڵاو بوو،

وێران بوو، وێرانبوونێکی خراپ.

11 ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت:

"پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،"

ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!

بەڵێنی ڕزگاری

12 «ئەی یاقوب، بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە،

بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە.

یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر2‏:12 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏،

وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی،

ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.

13 کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت،

دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە.

پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت،

یەزدانیش پێشەنگیانە.»

Estes versículos te tocaram? Ore agora!

+581 estão orando agora.

Junte-se à corrente de oração.

Veja também