Pular para o conteúdo
Publicidade

میخا 6

سکاڵای یەزدان لە دژی ئیسرائیل

1 گوێ بگرن لەوەی یەزدان دەفەرموێت:

«هەستە، بڕۆ لەلای چیاکانەوە سکاڵا بکە،

با گردەکان گوێیان لێبێت کە چی دەڵێیت.

2 «ئەی چیاکان، گوێ لە سکاڵای یەزدان بگرن،

ئەی بناغە هەمیشەییەکانی زەوی، ئێوەش گوێ بگرن!

چونکە سکاڵای یەزدان لە گەلەکەیەتی،

داواکەی لە دژی ئیسرائیلە.

3 «ئەی گەلەکەم، چیم لێت کردووە؟

بە چی نیگەرانم کردوویت؟ وەڵامم بدەوە!

4 من لە خاکی میسرەوە دەرمهێنایت،

لە خاکی کۆیلایەتی تۆم کڕییەوە.

من موسام بۆ ناردی ڕابەرایەتیت بکات،

هەروەها هارون و مریەمیش.

5 ئەی گەلەکەم، بیهێنەرەوە یادت

بالاقی پاشای مۆئاب پیلانی چی گێڕا و

بەلعامی کوڕی بەعۆر چی وەڵام دایەوە.

گەشتەکەت لە شەتیمەوە هەتا گلگال بهێنەرەوە یادت،

تاکو کارە ڕاستودروستەکانی یەزدان بزانیت.»

6 بە چی بچمە بەردەمی یەزدان و

بۆ خودای پایەبەرز بچەمێمەوە؟

ئایا بە قوربانی سووتاندن بچمە بەردەمی،

بە گوێرەکەی تەمەن یەک ساڵە؟

7 ئایا یەزدان بە هەزاران بەران و

بە دەیان هەزار ڕووبار لە ڕۆن ڕازی دەبێت؟

ئایا نۆبەرەکەم لە جیاتی یاخیبوونەکەم بدەم،

بەری لەشم لە جیاتی گوناهی خۆم؟

8 ئەی مرۆڤ، یەزدان پێی ڕاگەیاندیت کە چی چاکە و

داوای چیت لێدەکات:

دادوەری بەجێبهێنە و حەزت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بێت و

بە بێفیزی لەگەڵ خوداکەت هاتوچۆ بکەیت.

تاوان و سزای ئیسرائیل

9 ئەگەر ئێوە دانان لە ناوی خودا بترسن!

دەنگی یەزدان بانگەواز بۆ شارەکە دەکات:

«ئەی گەل و ئەوانەی لە شار کۆدەبنەوە، گوێ بگرن!

10 ئەی ماڵی خراپەکار، ئایا هێشتا گەنجینەی داهاتی ناڕەواییتان لەبیر دەکەم؟

ئایا ئێفەی6‏:10 ئێفە یەکەیەکی کێشە، بیست و دوو لیتر بوو.‏ ناتەواو کە نەفرەت لێکراوە لەیادی دەکەم؟

11 ئایا ئەوانەی تەرازوویان درۆیە بێتاوانیان دەکەم،

ئەوانەی فێڵ لە توورەکەی کێش دەکەن؟

12 دەوڵەمەندەکانی ستەمکارن،

دانیشتووانەکەشی قسەی درۆ دەکەن و

بە زمانیان فێڵ دەکەن.

13 لەبەر ئەوە خەریکم سزاتان دەدەم،

لەبەر گوناهەکانتان وێرانتان دەکەم.

14 ئێوە دەخۆن و تێر نابن،

گەدەتان هەردەم بەتاڵ دەبێت.

ئەمبار دەکەن، بەڵام هیچ نامێنێتەوە،

چونکە ئەوەی مایەوە دەیدەمە شمشێر.

15 ئێوە دەچێنن و نادورنەوە،

زەیتوون دەگوشن و بە ڕۆنەکەی خۆتان چەور ناکەن،

ترێ دەگوشن و لە شەرابەکەی ناخۆنەوە،

16 چونکە فەرزەکانی عۆمری6‏:16 عۆمری باوکی ئەحاڤ بوو، هەردووکیان گەلی خودایان بۆ بتپەرستی هاندا. بڕوانە 1 پاشایان 16‏:23‏-26.‏ و

هەموو نەریتەکانی بنەماڵەی ئەحاڤتان بەجێهێناوە و

ڕێگای ڕاوێژەکانی ئەوانتان گرتووەتەبەر.

لەبەر ئەوە وێرانتان دەکەم و

دانیشتووانەکەت دەکەمە مایەی گاڵتەجاڕی و

تانە و تەشەری نەتەوەکان.»

Estes versículos te tocaram? Ore agora!

+581 estão orando agora.

Junte-se à corrente de oração.

Veja também