Publicidade

Isaías 31

قوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن

1 قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،

پشت بە ئەسپ دەبەستن،

متمانە بە زۆری گالیسکە و

هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،

بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و

داوای یارمەتییان لە یەزدان نەکرد.

2 ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،

لە وشەی خۆی با ناداتەوە.

هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و

بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.

3 بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،

ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.

کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،

یارمەتیدەر ساتمە دەکات و

یارمەتیدراو دەکەوێت،

هەموو پێکەوە لەناودەچن.

4 ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:

«وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت

بەسەر نێچیرەکەیەوە،

ئەوەی کۆمەڵە شوان

هاواری لێ دەکەن،

لە دەنگیان ناترسێت و

لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،

ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت

بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.

5 وەک باڵندە فڕیوەکان،

ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،

پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،

بەسەریدا تێدەپەڕێت و دەربازی دەکات.»

6 ئەی نەوەی ئیسرائیل، بگەڕێنەوە بۆ لای ئەوەی کە بە توندی لێی هەڵگەڕانەوە، 7 چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

8 «ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،

شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.

جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و

گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.

9 قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،

میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»

یەزدان دەفەرموێت،

ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و

تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_06-50-08-