Publicidade

Isaías 46

خوداوەندەکانی بابل

1 بێل چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،

بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.

ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،

بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.

2 هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا،

نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و

ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.

3 «ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،

ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،

ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،

لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.

4 هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،

هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.

من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،

هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.

5 «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و

هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟

6 ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و

زیویش بە تەرازوو دەکێشن،

زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،

ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.

7 دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن،

لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،

لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.

هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،

لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.

8 «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!

ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.

9 سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،

بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،

خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.

10 لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،

لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.

فەرمووم: "ڕاوێژی من سەر دەگرێت،

هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم."

11 داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،

لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.

فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،

دامڕشتووە و دەیکەم.

12 ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن،

ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.

13 ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،

دوور ناکەوێتەوە و

ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.

ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،

بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-