Publicidade

Isaías 45

1 «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،

ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت

بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و

پاشایان چەک بکەم،

بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و

دەرگاکان دانەخرێن:

2 "من لەپێشتەوە دەڕۆم و

تەپەکان تەخت دەکەم،

دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و

شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.

3 گەنجینەکانی تاریکی و

خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،

هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،

ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.

4 لەبەر یاقوبی بەندەم و

ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،

بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و

نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی

هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.

5 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،

بێجگە لە من خودای دیکە نییە.

هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،

بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،

6 بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن

بێجگە لە من خودای دیکە نییە.

من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.

7 شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،

دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،‏ خودا هەندێک جار ڕێ دەدات کە شتی خراپ ڕووبدەن بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانی خۆی.‏

من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە."

8 «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،

با هەورەکان بیپرژێنێت.

با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە

ڕزگاری بەر بگرێت و

ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛

من یەزدانم بەدیم هێنا.

9 «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،

پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.

ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت:

"چی دروستدەکەیت؟"

یان دەڵێت:

"ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە"؟

10 قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:

"چ منداڵێکت خستەوە؟"

بە دایکەکەشی: "چیت لێ دەبێت؟"

11 «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،

ئەمە دەفەرموێت:

دەربارەی ئەوانەی دێت،

ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن،

سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟

12 من زەویم دروستکرد و

مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.

دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و

هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.

13 من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و

هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.

ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و

ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات

بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.

ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»

14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و

سەبئییە باڵا بەرزەکان

بۆ لای ئێوە دەپەڕنەوە و

بۆ ئێوە دەبن.

لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و

دەپەڕنەوە بۆ لاتان.

کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و

لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن:

"بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،

خودای دیکە نییە."»

15 بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،

خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.

16 هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،

پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،

17 بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،

بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.

شەرمەزار و ڕیسوا نابن

هەتاهەتایە.

18 یەزدان ئەمە دەفەرموێت،

بەدیهێنەری ئاسمان،

ئەو خودایە،

شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،

ئەو دایمەزراند.

بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،

بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،

دەفەرموێت:

«من یەزدانم و

یەکێکی دیکە نییە.

19 لە پەناوە قسەم نەکرد،

لە شوێنێکی تاریکی زەوی.

بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،

"بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن."

من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و

ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.

20 «کۆببنەوە و وەرن،

ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.

نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،

ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.

21 ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.

با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.

لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،

لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟

ئایا منی یەزدان نەبوو؟

بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە،

خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر

بێجگە لە من نییە.

22 «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،

ئەی هەموو لایەکانی زەوی،

چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.

23 سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،

ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،

وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،

کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،

هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.

24 سەبارەت بە من دەڵێن: "ڕاستودروستی و هێز

تەنها بە یەزدانە."»

هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە

بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،

25 بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل

بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-