Publicidade

Salmos 10

1 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟

بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟

2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،

گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.

3 کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،

داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.

4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،

هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»

5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،

لە حوکمەکانی خودا ناگات،

ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.

6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،

هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»

7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،

بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.

8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،

خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.

9 وەک شێر خۆی مات دەکات،

خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،

بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.

10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،

دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.

11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،

چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»

12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،

ستەملێکراوان لەبیر مەکە.

13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟

بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»

14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،

لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،

ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،

تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.

15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،

تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.

16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،

نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.

17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،

دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،

18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،

تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-