Publicidade

Salmos 97

1 یەزدان پاشایەتی دەکات، با زەوی دڵخۆش بێت،

دوورگە زۆرەکان شادمان بن.

2 هەور و تەم لە دەوروپشتی ئەوە،

ڕاستودروستی و دادپەروەری بنچینەی تەختی ئەوە.

3 ئاگر لەپێشیەوە،

دوژمنەکانی دەوروبەری دەسووتێنێت.

4 بروسکەکانی جیهان ڕووناک دەکەنەوە،

زەوی چاوی پێکەوت و لەرزی.

5 چیاکان وەک مۆم لەبەردەم یەزدان توانەوە،

لەبەردەم پەروەردگاری هەموو جیهان.

6 ئاسمان ڕاستودروستییەکەی ڕادەگەیەنێت،

هەموو گەلان شکۆمەندی ئەویان بینی.

7 ئەوانەی پەیکەر دەپەرستن شەرمەزار دەبن،

ئەوانەی شانازی بە بت دەکەن.

ئەی هەموو خوداوەندەکان، کڕنۆشی بۆ ببەن.

8 سییۆن بیستی و شادمان بوو،

کچانی یەهودا دڵخۆش بوون،

بە حوکمەکانت، ئەی یەزدان،

9 چونکە لەسەر هەموو زەوی تۆ هەرەبەرزی،

تۆ لە هەموو خوداوەندەکان پایەبەرزتری.

10 با دۆستانی یەزدان ڕقیان لە بەدکاری ببێتەوە،

لەبەر ئەوەی گیانی خۆشەویستانی دەپارێزێت و

لە دەست خراپەکاران دەربازیان دەکات.

11 ڕووناکی لەسەر ڕاستودروستان دەدرەوشێتەوە و

شادییش بۆ دڵڕاستەکان.

12 ئەی ڕاستودروستان، بە یەزدان شاد بن،

ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-16_06-50-08-