Publicidade

Salmos 115

1 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،

بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،

لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.

2 بۆچی نەتەوەکان بڵێن:

«کوا، خودایان لەکوێیە؟»

3 خودامان لە ئاسمانە،

هەرچی حەز بکات، دەیکات.

4 بتەکانیان زێڕ و زیون،

دەستکردی مرۆڤن.

5 دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،

چاویان هەیە، بەڵام نابینن،

6 گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،

لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،

7 دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،

پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،

دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.

8 دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،

هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

9 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.

ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.

ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.

ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،

بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،

بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.

13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،

گەورە و بچووکیش.

14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،

ئێوە و منداڵەکانتان.

15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،

دروستکەری ئاسمان و زەوی.

16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،

زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.

17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،

نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،

18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،

لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

هەلیلویا!

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-