Publicidade

Salmos 141

زەبوورێکی داود.

1 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد، خێرابە بۆ لام!

گوێ لە دەنگم بگرە کە هاوارت بۆ دەکەم.

2 با نوێژم وەک بخوور لەبەردەمت پەسەند بێت،

دەست بەرزکردنەوەم وەک قوربانی ئێوارە بێت.

3 ئەی یەزدان، پاسەوانێک دابنێ بۆ دەمم،

دەرگای لێوەکانم بپارێزە.

4 وا مەکە دڵم بەلای خراپەدا بچێت،

نەوەک خۆم بە کردەوەی بەد خەریک بکەم،

لەگەڵ ئەوانەی بەدکاری دەکەن؛

با لە شتە خۆشەکانی ئەوان نەخۆم.

5 با پیاوچاک لێم بدات، ئەمە خۆشەویستییە،

با سەرزەنشتم بکات، ئەمە وەک ڕۆنی بۆنخۆشی سەرە،

سەرم لاری نییە،

چونکە بەردەوام نوێژەکانم لە دژی خراپەکانیانە.

6 ڕابەرانیان لە خەرەند فڕێدەدرێنە خوارێ،

ئەوسا گوێ لە قسەم دەگرن چونکە ڕاستە.

7 وەک کێڵان و شەقکردنی زەوی،

ئاوا ئێسقانەکانیان لە دەمی گۆڕ پەرت دەکرێن.

8 بەڵام چاوەکانم سەرنجیان لەسەر تۆیە، ئەی یەزدانی پەروەردگار،

پەنا دێنمە بەر تۆ، با گیانم نەفەوتێت.

9 بمپارێزە لەو داوەی بۆیان ناومەتەوە،

لە تەڵەی بەدکاران.

10 با بەدکاران پێکەوە بکەونە تۆڕی خۆیانەوە،

لەو کاتەدا من بە ئاسوودەیی بپەڕمەوە.

Veja também

Publicidade
Bíblia Online Bíblia Online

Bíblia Online • Versão: 2026-06-15_21-32-39-